ئەوکاتەی جەماوەر دەبنە پاسەوانی ژینگە!

هەوڵی پاراستنی “چیرگ” باڵندە ناوازەکەی کوردستان

ئەردەڵان فەرەجی

شرۆڤەکاری سیاسی

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی نزیک بە پێنج دەیە دەسەڵاتداری خۆی بۆ هەمووانی ئاشکرا کردووە کە تێگەیشتنێکی قووڵ و بەرپرسانەی بۆ گرنگی و بایەخی ژینگە نییە و زوربەی هەرەزۆری بڕیارەکانی بە پێچەوانەی ڕێساو ڕێنماییەکانی گەشەی بەردەوام و بە ئاشکرا پێشێلکردنی یاساکانی ژینگەپارێزییە. هەر لە بەنداوە بەلێشاوە نازانستی و ناپێویستەکانەوە بگرە کە وشک بوونی تاڵاو و گۆلاو ڕووبارەکانی لێ کەوتووەتەوە تا تەخشان و پەخشانی سەرچاوە سرووشتییەکان بەو پیشەسازییەکان وێرانگەرانەی کە ژینگە پیس دەکەن و یان هەڵێنجانی تایبەت کە زۆرتر بۆ خزمەت بە بەرژەوەندییە ئابوورییە کورتماوەکان، سەربازی و یان ئیدئۆلۆژیکییەکانی خۆی بووە نەک پارێزگاری لە ژینگە و ئێکۆسیستمەکان. سەرکوت و داپڵۆسینی ژینگەپارێزان، زیندانی کردنی چالاکان و بێ بایەخی سیستماتیک بە هۆشدارییە زانستی و جەماوەرییەکان چەند نموونەیەکی باوی هەڵسووکەوتی ئەم ڕژیمە دژە ژینگەیە، ئاراستەیەک کە سەرچاوەکانی وڵات نەک وەک میراتی هاوبەش، بەڵکوو وەک کەرەستەی چەوسانەوە و کۆنترۆڵ دەبینێت. 

کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتی ملهۆڕی بێ هەوسار کەوتووەتە کاولکردنی ژینگەی هەموو ئێران و لیستێکی باڵابەرز لەوبارەیەوە لە بەر دەست دان، بەڵام هەوڵێکی دڵخۆشکەر ئاوپرژێنی دڵی دڵسۆزانی ژینگەپارێزی کوردستانی کردووە.

لە ماوەی ساڵانی  ڕابردوو بە هەوڵی ژینگەپارێزانی ناوچەکانی بۆکان و سەقز و بە تایبەتی “چێرگەوانان”، بە بڵاو کردنەوەی زانیاری و هەواڵی زۆر لە سەر مەترسی جیددی لەناوچوونی “چێرگ” ڕای گشتی خەڵکی ناوچەکەی بەرەو گرنگی پارێزگاریکردنی بەرەولای خۆی ڕاکێشاوە. بڕیار بوو کە  پرۆسەی گەڕان و هەڵێنجانی کانەی سیلیس لە کێوی تۆڵەکەی ئاوایی بۆگەبەسی، لە وەرزی هێلانەکردن و جووجەهەڵێنانی ئەم باڵنە ناوازەیە بەڕێوە بچێت کە بە هەوڵی ژینگەپارێزانی ناوچەکە و بە تایبەتی چێرگەوانان و خەڵكی بەهەڵوێستی ئاوایی بۆگەبەسی، ئیدارەی ژینگەپارێزی سەقز ڕایگەیاندووە کە ئەو پرۆسەیە (دۆزینەوە و هەڵێنجانی کانەکە) ڕاگیراوە بۆ وەرزی پاش پەرەوازەبوونی بێچووە چێرگەکان. پرۆسەی هەڵێنجانی کانەی تۆڵەکە وێرانی کانیاوەکان و ئێکۆسیستمی ناوچەکەی لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە مەترسی لە سەر ئەم باڵندە دەگمەنە. ئاوایی بۆگەبەسی و بە تایبەی کێوی تۆڵەکە بە پانتایی ٥ هەزار هیکتار زەوی، دواژینگە و پەناگای چێرگی کوردستان و ئێرانە.

چێرگ، گەورەترین باڵندەی جیهانە کە بە هۆی وێران بوونی ژینگەکەی، گۆڕانکاری کەش و هەوا و ڕاوی نایاسایی لە لیستی ڕێكخراوی یەکێتی نێونەتەوەیی پارێزگاری لە ژینگە (International Union for Conservation of Nature_ IUCN) دایە کە مەترسی لەناوچوونی لە سەرە.

ئەم ڕووداوە ڕەنگە بە ڕواڵەت ڕێگری بێت لە سەر پرۆژەیەکی پیشەسازی، بەڵام لە ڕاستیدا سەرکەوتنێکی مەدەنییە. سەرکەوتنی وشیاری، هەڵوێستی بوێرانە، هاوپشتی و خۆشەویستییە بۆ خاک و ژینگە و نیشتمان لە بەرامبەر قازانجپەرەستی و سیاسەتی کاولکاری نابەرپرسانە.

لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئێران، بڕیار و پلانەکان دەربارەی سەرچاوە سرووشتییەکان بە بێ بەشداری و ئاگاداری خەڵکە خۆجێیەکان و تەنانەت زۆر جاریش دژی بەرژەوەندی و ژیانی ئەوان ئەنجام دەدرێت. کۆماری ئیسلامی تا ئێستا لەزۆربەی پرۆژە کاولکارییەکانی بە بێ گوێدانە ویست و ڕا و بەرژەوەندی خەڵک، بەردەوام بووە، بەڵام خۆشبەختانە لەم ساڵانەی دواییدا خەڵکی وشیار بە ڕێکخستنی کەمپین و ئامرازە مەدەنی و ئاشتیخوازانەکان هەستاون بە پارێزگاری کردن لە وڵات و خاک و نیشتمانی خۆیان. ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان، کۆکردنەوەی واژۆ و ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی زانیاری بە تایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نامە نووسین لە بەرپرسان و تەنانەت هۆنینەوەی زنجیرەی مرۆیی دژە بە پرۆژەی وێرانگەرەکانی ڕژیم وەستاونەتەوە و کوردستان و خەڵکی کوردستان لەم بوارەدا پێشەنگی هەموو خەڵکی ئێرانن. خەڵکی کوردستان بۆ هاتنەوەی لەق لەقەکان جەژن دەگرن و بەخێرهاتنەوەیان پێ دەڵێن. شەپۆلی مەدەنی نەمام چاندنەکان، هەڵمەتی پاککردنەوەی ژینگە لە زبڵەکان، بەخێوکردنی سەگ و پشیلەکان و ڕێکخستنی جەماوەری دژی ئاگرکەوتنەوەکان و… چەن دڵۆپێکی دەریای کولتووری بەرزی ژینگەپارێزی خەڵکی کوردستانە.

بەرپرسانی ورد و درشتی کۆماری ئیسلامی لە هەموو قوژبنێکی ئێران، یان نازانن یان بە ئەنقەست خۆیان لە نەزانی دەدەن کە پارێزگاری کردن لە ژینگە تەنیا پارێزگاری لە جۆرێک دار و درەخت و گژ و گیا نییە، ئەوانە بەشێكن لە شوناسی کولتووری و مێژووی هەر ناوچەیەک. مێرگ و کێو و دەشت و جەنگەڵ و دارستانەکان، باڵندە خۆجێیەکان نەک ئێکۆسیستم بەڵکوو لە مێژوو و زەینی هەر نەتەوەیەک چەسپاون. وێرانکردنییان تەنیا وێرانکردنی سرووشت نییە، بەڵکوو بڕینی پێوەندی سۆزە لە نیشتمان.

ئەم ئەزموونەی چێرگەوانان و ژینگەپارێزانی بۆکان و سەقز گەورەترە لە ڕووداوێکی ناوچەیی و دەریدەخات کە خەڵکی وشیار و بەکردار دەتوانن لەمپەری سەر ڕێی ئەو پرۆژە زیانبەخش و کاولگەرانە بن کە تەنیا بۆ بەرژەوەندی کورتماوەی ئابووری جێ بە جێ دەبن. ئەم جۆرە سەرکەوتنانە دەتوانێت ببێت بە ئیلهامبەخشی باقی ناوچەکانی دیکەی کوردستان و ئێران، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە مەترسی کانە بەردینەکان، بەنداو و ڕاگواستنی ئاو هەڕەشەن بۆ سەر سرووشت.

ژینگە، سامانێکە کە لە باب و باپیرانمانەوە بە میرات بۆمان نەماوەتەوە، بەڵکوو ئەمانەتێکە تا نەوەکانی داهاتوو. خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی چێرگەوانان و خەڵکی بە‌هەڵوێستی بۆگەبەسی لەو ڕاستییە تێگەیشتوون، چاوەڕوانی لە بەرپرسانی ڕژیم بۆ ژینگەپارێزی، بێ سەمەرە، بەڵام کۆمەڵگایەکی وریا و وشیار و بەکردار دەبێ پارێزگاری لە نیشتمان و وڵاتی خۆی دەکات.

Categories:

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

توسعه توسط تیم میهن وردپرس