ئاوڕدانەوەیەکی پێویست لە سەرکاریگەرییە نەرێنییەکان لێدان لە منداڵان

ئەردەڵان فەرەجی
شرۆڤەکاری سیاسی
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو چەند دیمەنێک لە منداڵانی برینداری قوتابخانەی ئاوایی کەرەجۆی سەر بە شاری سنە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنییەوە کە مامۆستای ئاواییەکە بە هۆی دیارنەمانی شارژیری مۆبایلەکەی ١٣ قوتابی پۆلەکەی شکەنجە و جەزەربە داوە و زیندانی کردوون. هەروەها دیمەنێک لە لێدان و سووکایەتی مامۆستایەک بە خوێندکارێکی کرماشانی ناخی هەر بینەرێکی دەهەژاند، بەڵام لە سەدەی بیست و یەک و جێکەوتنی پەروەردەی مۆدێرن و گشتگیربوونەوە زانیارییە گشتییەکان دەربارەی کاریگەرییە خراپە درێژخایەنەکانی لێدان لە منداڵ، چۆنە ئەم ڕووداوانە ڕۆژانە لە سیستمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی دووبارە دەبنەوە!؟
ڕۆڵی دەروونناسی لە سەدەی بیستەم بەملاوە
سەدەی بیستەم بە سەدەی دەروونناسی ناوزەد کراوە و هۆکار بۆ ئەم ناوزەدکردنەش زۆرن. لە سەدەی بیستەم دا دەروونناسی وەک زانستێکی سەربەخۆ شکۆفانەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و ڕۆڵێکی گرنگی لە تێگەیشتن و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان نواندووە. لە سەدەکانی پێشووتر دەروونناسی بە لقێک یان ژێرمەجمووعەی فەلسەفە ئەژمار دەکرا، بەڵام لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەروونناسی لە فەلسەفە جیاکرایەوە و بە توێژینەوەی ئەزموونی و تاقیگەیی لەوانە چالاکییەکانی ویلهێڵم ڤونت، پاوڵ لۆف و واتسۆن بوو بە لقێکی زانستی و کۆمەڵێک ڕێباز و قوتابخانەی دەروونناسی لەوانە ڕەوان زانی (Psychoanalysis) (فرۆید) و کردارگەریی (Behaviorism) (واتسۆن و سکینێر)، دەروونناسی مرۆیی (Humanistic Psychology) (مازلو و ڕاجێرز) و دەروونناسی ناسینی (Cognitive Psychology) سەریان هەڵدا کە ڕوانگەی نوێ و داهێنەرانەی دەربارەی کردار، زەین و کەسایەتی و هەڵچوونەکانی مرۆڤی دەخستە ڕوو کە لە کۆمەڵگا و پەروەردە و چارەسەری دەروونی و بەڕێوەبەرایەتی خستەڕوو.
لە سەدەی بیستەم بەملاوە زانیارییە دەروونناسییەکان لە هەر سەردەمێکی تر دەربارەی سترێس و دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و متمانەبەخۆیی و پەروەردەی منداڵ گشتگیرتر بوویەوە دەروونناسی لە بوارەکانی تەندروستی دەروونی و بەڕێوەبەرایەتی و شوێنی کار، پروپاگاندا و ڕاگەیاندن، ماف و دادپەروەری دەوری باڵای نواندووە. بەڵام سەرەکی ترینی هەموو ئەو بوارانە کە کاریگەری ڕاستەوخۆشی بەدوای خۆیدا هێنا “فێرکردن و پەروەردەی منداڵ” بووە.
کۆمەڵێک دەروونناسی وەک ژان پیاژە، ئێریک ئێریکسۆن و جان باڵبی بە توێژینەوەکانی خۆیان وایان کرد کە ڕوانگەی کۆمەڵگا بەرامبەر بە منداڵ بگۆڕدرێ و نەک وەک گەورەساڵانی بچووک، بەڵکوو وەک مرۆڤی لە حاڵی گەشەی خاوەن پێداویستی تایبەت.
بەدوای گشتگیربوونەوەی خوێندن، بەڕێوەبەرانی بواری پەروەردە لە باغچەی ساوایانەوە بگرە تا قوتابخانە و زانکۆ و ڕاوێژکاری خوێندن، کەڵکیان لە بنەما زانستی و ڕێنماییەکانی بیرمەندانی دەروونناسی وەرگرتووە.
زانستی دەروونناسی لێدان لە منداڵ بە وێرانگەر دەزانێت و لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لێدان لە منداڵان تاوانە!. بە پێی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای زۆرێک لە وڵاتانی جیهان منداڵ دەبێت لە توندوتیژی و ئازاری جەستەیی پارێزراو بێت و لێدان جۆرێک توندوتیژییە دژی منداڵان و سزای یاسایی هەیە.
لێدان لە منداڵ لە درێژماوەدا دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ و شەرم و هەستی خۆبەکەمزانین و کاریگەری نەرێنی لە سەر متمانەبەخۆیی، خەمۆکی، هەڵچوونی شاراوە و ئاشکرای دەبێت. لە کورتماوەشدا دەبێتە هۆی بێزاری و هەستی نائارامی لە قوتابخانە و یان ماڵ و زۆرجاران بۆ دەربازبوون لە لێدان خواردن درۆ بکەن و شت بشارنەوە و بە گشتی پاڵنەرێکیان بۆ فێربوون نامێنێت.
منداڵ وا تێدەگات و وافێر دەبێت کە ڕێگەچارەی کێشەکان لێدان و توندوتیژییە و ئەگەری زۆرە کە دواترەکان لە پێوەندییەکانی لەگەڵ دەورووبەر و هاوساڵان و تەنانەت منداڵەکانی خۆشی دووپاتی بکاتەوە. واتە سەرەتایی ترین کاریگەری لێدان لە منداڵ، بوار خۆشکردنە بۆ دووبارە بەرهەم هێنانەوەی توندوتیژی.
بەکاڵاکردنی پەروەردە، بوارخۆشکردنە بۆ توندوتیژی دژ بە خوێندکاران

ڕۆژێک لە ڕۆژان و بە دوای سەردهەڵدانی مۆدێرنیزم خوێندن وەک مافێکی گشتی بە ئەرکی دەوڵەتان دەزانرا، بەڵام بەرەبەرە خوێندن و پەروەردە کرا بە کاڵا، خزمەتگوزاری یان دەرفەتێکی پڕقازانجی ئابووری کە پێی دەوترێت (Commodification of Education). مێژووەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی نێئۆلیبرالیسم و بەبازرگانی کردنی پەروەردە لە دەیەی ١٩٨٠ی زایینی بەملاوە. بە دوای گەشەکردنی سیاسەتە نێئۆلیبراڵییەکان لە سەردەمی تاچێر لە بریتانیا و ڕەیگان لە ئەمریکا، سێ ڕووداوی گەورە و گرنگ ڕوویاندا کە بریتین لە؛ ١. کەمکردنەوەی بووجەی پەروەردەی دەوڵەتی کە بەرەبەرە دەوڵەتان لە دابین کردنی هەموو تێچووی پەروەردە و فێرکردن خۆیان بوارد. ٢. هاتنەمەیدانی کەرتی تایبەت بۆ بواری پەروەردە و فێرکاری؛ مۆڵەتی کردنەوەی خوێندنگەی تایبەت درا (نادەوڵەتی، تایبەت و ئایینی و نێودەوڵەتی) و سەرمایەداران، پەروەردە و خوێندنیان وەک بازاڕێکی پڕسوود و قازانج سەیر کرد. ٣. ململانێ و کێبەرکێ لە سەر بەبازاڕکردنی پەروەردە و فێرکاری؛ چەمکی “کوالیتی پەروەردە” بوو بە کاڵایەک کە دەبوو بیکڕی و دایک و باوکەکان دەبوون بە مشتەری، خوێندگە بە خستنەڕووی خزمەتگوزاری و خوێندکاریش وەک بەکاربەر.
شەپۆلی بەبازاڕکردنی خوێندن و پەروەردە لە ئێران لە سەرووبەندی هاتنە سەرکاری خاتەمی لە سەر دەستی هاشمی ڕەفسەنجانی بە دامەزراندنی زانستگای ئازاد دەستی پێکرد. لە سەردەمی محەمەدی خاتەمی وەک سەرۆک کۆمار خێراییەکی بەرچاوی بەخۆییەوە بینی و نەک هەر لە ئاستی زانستگا بەڵکوو بابەتی خوێندن و پەروەردە بۆ باغچەی ساوایان و قوتابخانە و ناوەندی و دواناوەندی شۆڕ بوویەوە. ئەمە وای کرد کە دایک و باوکان هەموو هەوڵێک بدەن کە منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە تایبەت و نادەوڵەتییەکان و قوتابخانە نادەوڵەتییەکانیش بە پێدانی موچە و حەقدەستی باش، باشترین مامۆستان دابمەزرێنن و بەرەبەرە قوتابخانە دەوڵەتییەکان ئەو گرنگییەی پێشووتریان نەمێنێ و دەوڵەتیش لەوەی کە تەنیا خەڵکانی هەژار کە ناتوانن منداڵەکانیان بنێرنە بەر خوێندنی قوتابخانە نادەوڵەتی و تایبەتەکان، بە دەرفەتی زانی و بەرەبەرە لە خزمەتگوزارییەکان و ئەرکەکانی لەوبارەیەوە خۆی دەدزییەوە. بە جۆرێک کە ئەمڕۆکە نزمترین ئاستی کوالیتی لە خوێندگا دەوڵەتییەکان پێشکەش دەکرێت. ئەمە لە لایەک لە لایەکی دیکەوە سەرەڕای داواکاری ئیرادەی ئاموزش پەروەرەشە خۆجێیەکان لە سەرتاسەری ئێران بۆ دامەزراندنی مامۆستا و پێرسۆنێلی فێرکاری، دەوڵەت و وەزارەتی پەروەردە ئەم داوایە پشتگوێ دەخات و بە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی و هێشتنەوەی مامۆستا بەتەمەنەکان لە سەرکار، مامۆستای گەنج و پڕ وزە دانامەزرێنێت و ئەمەش کە بە کردەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر کۆالیتی و چۆنایەتی خوێندن بووە.
هۆکارێکی تری دابەزینی کوالیتی خوێندن کە دواجار لێدان و جەزرەبەی جەستەی قوتابی و خوێندکارانی لێ دەکەوێتەوە، لە خواروە بوونی حەقدەستی مامۆستایانە لەچاو هەڵاوسان و گرانی ڕۆژانەی شمەک و کاڵا و خزمەتگوزارییەکانە لە ئێران.
بە هۆی ناکارامەیی و سیاسەتە چەوت و هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی، ئابووری ئەم وڵاتە وێران بووە و بوونی هەڵاوسانی سەروو ٥٠٪ی ڕانەگەیەنراو وایکردووە کە مامۆستایان نەتوانن بەو حەقدەست و موچەیەی کە وەریدەگرن، ژیانێکی ئاسایی بەڕێ بکەن و ناچار ڕوودەکەنە کاری دووهەم و سێهەمی وەک دووکانداری و مسافیرکێشی.
ئەمە وایکردووە کە مامۆستاکان نەتوانن کاتی پێویستی بۆ پشوو و حەسانەوە ببێت و لە لایەکی دیکەشەوە لە ژێر گوشاری سترێس و دڵەڕاوکێی دابینکردنی بژیوەی ژیانیان بن. ئەم دۆخە لە هەر مرۆڤێکدا، لێواری هەڵچوونی بۆ نزمترین ئاست دادەبەزێنێت و منداڵان و مێرمنداڵان کە پێویستی ئەم قۆناغەی تەمەنیان ئەنجامی کاری نائاسایی و سەرکێشانە و نالۆژیکییە وا دەکات کاردانەوەی توندوتێژ ئامێزی مامۆستا ماندوو و کەم تەحەموولەکانیانی لێ دەکەوێتەوە.
نابێ ئەوەش لە بەرچاو نەگرین کە لەم دوو ساڵەی ڕابردوو جیا لەوەی کە دامەزراندنی مامۆستای نوێ زۆر کەمبووەتەوە، دەستەبژێرکردن و مەرجی وەزارەتی پەروەردە و ئیدارە خۆجێییەکان بریتی نییە لە لێهاتووی و شارەزایی، بەڵکوو پابەندبوونیان بە کۆماری ئیسلامی و چوون بۆ نوێژی هەینی و بەشداری لە ڕێ و ڕەسمە حکومەتییەکان و پۆشینی جیجابی زۆرە ملێی ئیسلامییە کە ئەمە هۆکارێکی جیددی نواندنی توندوتیژی دژ بە قوتابیان و منداڵانە.
ناکارامەیی و دزی و گەندەڵی و تاڵانکاری بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و پشت گوێ خستنی خوێندن و پەروەردەی نەوەکانی داهاتوو لە لایەن دەوڵەت و کاربەدەستانی حکوومەتی هەڕەشەیە لە سەر داهاتووی کۆمەڵگای ئێران. زیان و وێرانکارییەکانی کۆماری ئیسلامی هەموو سنوورێکی بەزاندووە و تا ڕۆژێک درەنگتر ئەم ڕژیمە بڕووخێت، کاریگەرییە وێرانکەرانەی زۆر دەبێت. چار لە تێکەوەپێچانی ئەم ڕژیمە دژە مرۆڤ و زانستەیە.
دیدگاهتان را بنویسید