وێکچوونێک بۆ شرۆڤەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانەکانی کۆماری ئیسلامی

ئەردڵان فەرەجی
شرۆڤەکاری سیاسی
لە سرووشتدا، ڕاوچی وا هەن کە ژیرانە و پشت بەستوو بە پشوودرێژی، نێچیرەکەیان هەڵدەبژێرن، کۆمۆدۆ ئەم مارمێلکە زەبەلاحە کە لە زمانی سادەی نازانستی “هەژدیها”شی پێ دەوترێت، یەکێک لەو نموونە بەرچاوانەی ئەم پشوودرێژییە ستراتێژییەیە. ئەم بوونەوەرە بە ددانە تیژو لکە پڕ باکتریا کوشەندەکانی کە بارگاویین بە جۆرێک ژەهری دابەزاندنی پاڵەپەستۆی خوێن، سیستمی بەرگری لەشی نێچیرەکەی تێک دەشکێنێت. پاش چەند ڕۆژ ئەوکاتەی دا کە نێچیرەکە لەوپەڕی لاوازی دایە، کۆمۆدۆ بەبێ کەمترین بەرگری نێچیرەکەی هەڵیدەلووشێ.
ڕێک ئەم شێوازە، هاوشێوەیە ستراتیژی نوێی ئەمنییەتی و سەربازی ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامییە؛ بەتایبەتی لە ئۆپێراسیۆنی “شێرەڕاساوەکان” کە لەماوەی ١٢ ڕۆژدا بە زەبری کاریگەری بێ وێنە ژێرخانە سەربازی، ئەمنییەتی و ناوکییەکەی کۆماری ئیسلامیان کردە ئامانج. ئەم هێرشانە ئامانجێکی ستراتێژی و درێژماوەیان لە پشتە؛ لاوازکردنی هەنگاوبەهەنگاوی هەڕەشەیەکی مەترسیدار، بەبێ خۆتێوەگلان لە شەڕێکی کلاسیکی تەواو.
بەڵام ڕەنگە باڵادەستی ئاشکرا و بێ وێنەی هێزی ئاسمانی ئەرتەشی ئیسرائیل و کردنەوەی شاڕێیەک بە سەر ئاسمانی ئێرانەدا کە بە بێ هیچ بەرپرچدانەوەیەکی پەدافەندی سپای پاستاران ڕمبازێن دەکات، ئیسرائیل وەسوەستە بکات لە کاتێک دا کە کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی بەچەند قات لاوازتری جارانە، هێرش یان هێرشی زۆرتر دژی کۆماری ئیسلامی ئەنجام بدات کە ئەمە دەتوانێت پلانی بی ئیسرائیل بێت.
نێچیری بریندار
بەبەراورد لەگەڵ شەڕە باوە ناسراوەکان ئەوەی لەم ١٢ ڕۆژەدا ڕووی دا، بەر لەوەی کە ئامانجەکەی لەناوبردنی کت وپڕی کۆماری ئیسلامی بێت، مەیلەوە ئەوەیە کە کۆمەڵێک برینی قووڵ و سیستماتیک بەدی بێنێت؛ ئەو برینانەی کە بە تێپەڕبوونی کات دەبنە هۆی تووانەوە و سووانەوەی قەوارەی بەرگری کۆماری ئیسلامی. ناوەندە فرماندەییەکانی سپاە، دامەزراوە موشەکییەکان، وێستگەکانی ڕاداری، کوشتنی فرماندەکانی سپا و زانا ناوکییەکان و تەنانەت ناوەندە ژێرزەمینییەکانی پەیوەست بە چالاکییە ناوکییەکان، کرانە ئامانجی هێرشی ورد و کوشندە.
ستراتێژی ئۆپێراسیۆنە دوازە ڕۆژەکەی شێرە ڕاساوەکان یان شێوازی “ڕاوی کۆمۆدۆ”، ئەرتەشی ئیسرائیل بە بەرنامە و پلانی پێشوەختە، ژێرخانە سەربازی و ئەمنی و ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی وێڕای دەیان کەس لە فرماندە باڵاکانی سپا و تێکدانی باڵانسی ناوخۆیی مافیاکانی دەسەڵات لە ناو سپادا بە بە مەبەستی لاوازکردنی بەشێنەیی و ئامادەسازی دۆخەکەیە بۆ گورزی جەرگبڕی کۆتایی، کردە ئامانج. ئەم گوزانە نەتەنیا قەوارەی ژووری ئۆپێراسیۆنی ڕژیمی تووشی شەلەل کردووە، بەڵکوو کەلێنی قووڵ و ناکۆکی گەورەی ئیدئۆلۆژی و بەرژەوەندییە ناوخۆییەکانی باندە مافیاکانی ناوخۆی سپاشی قوڵترکردووەتەوە. باندە مافیاییە ناسراوەکانی وەک گەنگی خوزستانییەکان، ئیسفەهانییەکان و گەنگی مەشهەدییەکان کە ساڵانێکە هەموو جومگەکانی دەسەڵات و ئابووری و سیاسەت تا دەگاتە ئاسایش و کولتووریان خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، ئێستاکە بەنەمانی هەندێک لە سیما چارنووس سازەکان و سەرلکەکانیان لەگەڵ قەیرانی زۆرتر بەرەوڕوو دەبێتەوە و ئەم ڕەوتە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە جاران لە سەرەولێژی لەناوچوون و فەوتان تلار دەکاتەوە و ڕێگە بۆ هێرشی کۆتایی خۆش دەکات.
گرنگتر لە هەموو ئەمانە کۆتایی هێنان بوو بە مەرجەعییەتی کاریزماتیکی خامنەیی. ئەگەرچی پاش زیاتر لە سێ حەوتوو خامنەیی کە دەڵێن تووشی نەخۆشی خەمۆکییە وێڕای هاوسەرەکەی و چوار کوڕەکەی خۆیان لە کونەتەیارەیەکی ژێرزەمینی لە قووڵایی ٩٠ میتری لە لەویزانی تاران (بە پێی هاوتاکردنی زانیارییەکان) شاردبوویەوە، تەنیا بۆ چەند خولەکێک هاتەدەرێ و لە ڕێوڕەسمێکی ماتەمگێڕان بەشداری کرد، سەرەڕای بەدەستکەوت ناساندنی نەکوژرانی خامنەیی لەو هێرشانەدا لە لایەن دەست و پێوەندەکانی، ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامی پێی ناوەتە قۆناغی پۆست خامنەیی و ئەمە ڕەنگە هەمان ژەهری دابەزاندنی پاڵەپەستۆی خوێنی کۆماری ئیسلامی بێت.
ئەم وێکچوونە دەتوانێت “ژەهری بەشێنەیی” بێت، هەروا کە چۆن کۆمۆدۆ لکە ژەهراوییەکەی دەرڕژێنێتە ناو لەشی نێچیرەکەیەوە. بە هەموو ئەمانەشەوە هەروا کە چاوەڕوان دەکرێت لە پاش ئەو شکستە سەربازی و ئەمنییە، کۆماری ئیسلامی کاردانەوەی توندوتێژ ئامێزی شانۆگەرییانە لە خۆی نیشان دەدا، بەڵام ڕەوتی توانەوە و سووانەوەی ئەم ڕژیمە دەستی پێکردووە. پێویستە ئەمە ڕوونبکرێتەوە کە پرۆسەی بووژاندنەوە و نۆژەنکردنەوەی قەوارە خەساربەرکەوتووەکانی سپای پاستارانی شۆڕشی ئیسلامی و بە گشتی کۆی کۆماری ئیسلامی بەدوای ئەم زنجیرە هێرشە لەگەڵ کۆمەڵێک بەربەرستی ئەستەم و ئاڵۆز بەرەوڕووە؛
_ یەکەم؛ کوشتنی فرماندە سەربازییە سەرەکییەکان و سیمان ناسراوەکان دەبێتە هۆی پێکهاتنی بۆشایی فرماندەیی و شڵەژان لە یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی ناوخۆی ئۆرگانی سپا.
_دووهەم؛ وێرانی ژێرخانە لۆجیستیکی، پێوەندی و زانیارییەکان، ڕەوتی ڕێکخستنەوەی دووبارەیان زۆر زەحمەت، تێچووی زۆر و لاواز دەکات.
_سێهەم؛ سەرەڕای ئەمە، لاوازی ورەی هێزی سپا و داماڵینی ڕەوایی دەروونی_کۆمەڵایەتی لە هێزە پیادەکان، ئاستی کارامەیی نۆژەن کردنەوەکەی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.
_چوارەم؛ دۆخی هیبریدی کە لەپاڵ بەربەست و گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، نیگەرانی هەمیشەیی لە دووپاتبوونەوەی ئەم هێرشانە لە ئارادایە و ئەمە لە کاتێکدایە کە دیارنەمانی ماناداری خامنەیی لە ڕۆژانی شەڕ و پاش شەڕەکەش کە ناخی ترسەنۆک و بێ جەربەزەی دیکتاتۆرێکی فاشیستی ئیسلامی بۆ هەمووان ئاشکرا کرد، ئیتر ئەو کاریزمایەی جارانی بۆ بڕیاردان بە سەر ژێردەستەکانییەوە ناهێڵێتەوە کە ئەمە ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لە سەر سنووردار کردنی خولقاندنی کەشی گونجاو بۆ بوژاندنەوەی قەوارە خەساربەرکەوتووەکەی سپا و کۆماری ئیسلامی.
_پێنجەم؛ دواجار لە ئەگەری پێ دزەکردنی جاسووسی سەرکەوتووانە لە لایەن ئەرتەشی ئیسرائیل و دەزگا هەواڵگرییەکانییەوە، هەرچەشنە هەوڵ بۆ بووژاندنەوە دەخاتە بەردەم مەترسی هەمیشەیی و ئامانجی دووبارەوە؛ بابەتێک کە لە کورتماوە دەتوانێت لاوازی زۆرتری قەوارەی هێزی خۆپارێزی کۆماری ئیسلامی لاواز و خەساری زۆرتری لە لایەن هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان زۆرتر بکات. ئەمە لە کاتێک دایە کە هەموو قەیرانەکانی پێشووری ئەو ڕژیمە کە لەگەڵ دەستەویەخە بوو هەروا بەردەوامن؛ لە قەیرانی ڕەوایی و دۆخی نالەباری گوزەرانی خەڵک و ناکارامەیی و گەندەڵی سیستماتیک و … و ناڕزایەتی خەڵک سکڵی ژێر خۆڵەمێشە.
ئاشکرایە ئیسرائیل بەدوای ئەوە نییە کە لە بەرەوڕووبوونەوەیەکی کلاسیکی و پڕتێچوو، بچێتە شەڕێکی بەربڵاوی نموونەی شەڕە باوەکانی کۆن، بەڵکوو بە کۆمەڵێك گورزی کاریگەر و ئەژنۆشكێن هەوڵ دەدات مەترسی کۆماری ئیسلامی بۆ لەناوبردنی خاک و خەڵكەکەی کە هەموو کات هەڕەشەی سڕینەوەی لە سەر گۆی زەوی لێکراوە، بسڕێتەوە، ئەمە وادەکات کۆماری ئیسلامی بەبێ ئەوەی لەناوبچێت، توانایی هەستانەوە و وڵامدانەوە و پەرچەکردای کاریگەری نەمێنیت.
مۆدێلێکی ڕابردووی نزیک
ئەم شێوازە لە مێژووی هاوچەرخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بێ وێنە نییە، لە جەرگەی جەنگی یەکەمی کەنداو، هاوپەیمانییەتییەک بە ڕێبەری ئەمریکا توانیان بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی ئاسمانی و بە بێ تێوەگلان لە لەشکێرکێشی سەربازی بەرفراوان لە ساڵی ١٩٩١ ژێرخانە سەربازی و ئابوورییەکانی عێراقیان خاپوور بکەن، ئەم لاوازییە بەشێنەییە، سەرەنجام بواری بۆ ڕووخانی ڕژیمی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ و تەنیا لە ماوەی دوو حەوتووی ئۆپێراسیۆنی سەربازی خۆش کرد.
هێرشی شێرە ڕاساوەکانی ئیسرائیل و ئۆپێراسیۆنە سنووردار و پلان بۆ دارێژراوەکەی، لە هەوڵی خولقاندنی دۆخێکی وایە لە ئێران دا، بەتایبەتی کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی ناوخۆیی، گوشاری ئابووری و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و نایەکگرتووی سیاسی بەرەوڕووە. هەر هێرشێک جۆرە “برینێکی کارییە” و هەر برینێکیش، تێچوو و باجێکی هەیە کە سیستمی سەربازی و سیاسی کۆماری ئیسلامی ناچارە بە دانەکەی.
پووکانەوە
کاریگەری ئەم هێرشانە تەنیا ڕەهەندی سەربازی نییە؛ بەڵکوو لە ئاستی دەروونی و سیاسیش، دەرکەوتەی ڕاڕایی لە بڕیاردان و کاردانەوەی پێوە دیارە. دەزگا ئەمنییەکانی ڕژیم کە تا دوێنێ خۆیان لەشکان نەهاتوو و بەهێز دەناساند، ئێستا بە ئاشکرا خەساردیتوو و بێ بڕستن. پەرەسەندنی ڕەشبینی لە توێ و توێژەکانی مامناوەندی سپا، دوودڵی لە دامەزراوە بڕیاردەر و بڕیارسازەکان و تەنانەت تەشەنەسەندنی دڵەڕاوکێ بۆ ئاستی کۆمەڵگا، نیشانەن بۆ پووکانەوەی چەند ڕەهەندی ئەم ڕژیمە.
بیرمان نەچێت لە بەری ئیسرائیل ئەگەرچی ئەویش زیانی کەمی بەرنەکەوتووە، بەڵام ئیسرائیل زۆر زیرەکان هەموو ئامرازەکانی شەڕی سایبێری و گێڕانەوە، ئۆپێراسیۆنی وردی درۆن باران کردن و وێرانکەری لە قووڵای خاکی ئێران ئەنجام داوە، بەبێ ئەوەی کە بچێتە فازی شەڕێکی کلاسیکییەوە و هەڵگەڕانەوەی ستراتێژی ڕژیمی ئەستەم کردووە.
ڕاوکەری هێمن، مەرگی مسۆگەری نێچیر
شوبهاندنی هێرشی شێرە ڕاساوەکان بە ڕاوکەری کۆمۆدۆ، تەنیا وێنایەکی شاعیرانە نییە، بەڵکوو لێكدانەوەیەکی ریئالیستییە لە دکتۆرینی شاراوەی ئیسرائیل بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی. ژەهری ئەم دکتۆرینە لە کورت ماوەدا ڕەنگە تووڕەیی و توندوتیژی ڕژیم بەرامبەربە خەڵکەکەی خۆی لێ بکەوێتەوە، بەڵام لە کورتماوە (تاساڵی٢٠٢٧) و لە درێژماوەدا (تاساڵی٢٠٣٠) کۆماری ئیسلامی دەباتە خاڵێک کە توانای وەستانەوە، بەرەنگاری و تەنانەت مانەوەشی نامێنێت. بڕێنی لق و پۆپە پرۆگسییەکانی ئەم ڕژیمە لە ناوچەکە و پاشەکشە پێدانی بەرنامە ناوکییەکانی و زیان لێدان لە بواری موشەکییەکەی، ناتوانێت دڵنیایی ببەخشێتە ئیسرائیل و خەڵكەکەی و بۆیە ئیسرائیل ناچارە ئەم مەترسییە جیددییە دژی خاک و خەڵکەکەی لە ڕەگەوە هەڵتەکێنێ، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی تواناییە سنووردارەکانی ئەم شێوازە لۆژیکی ترین و کەم تێچووترین ڕێگەیە بۆ لەناوبردنی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی.
ڕەنگە هەروا کە چۆن باس لەوە دەکرێت شەڕی یەکەمی کەندوا سەرەتای کۆتایی ڕژیمەکەی سەدام بوو، هەڵمەتی شێرە ڕاساوەکانیش هەنگاوی یەکەمی جیددی بێت بۆ کۆتایی هێنان بە کۆماری ئیسلامی، هەر ئەو جۆرەی کە کۆمۆدۆ لە بێدەنگی و پشووترێژی دا، نێچیرەکەی هەڵدەلووشێ.
دیدگاهتان را بنویسید