هەوڵی پاراستنی “چیرگ” باڵندە ناوازەکەی کوردستان

ئەردەڵان فەرەجی
شرۆڤەکاری سیاسی
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی نزیک بە پێنج دەیە دەسەڵاتداری خۆی بۆ هەمووانی ئاشکرا کردووە کە تێگەیشتنێکی قووڵ و بەرپرسانەی بۆ گرنگی و بایەخی ژینگە نییە و زوربەی هەرەزۆری بڕیارەکانی بە پێچەوانەی ڕێساو ڕێنماییەکانی گەشەی بەردەوام و بە ئاشکرا پێشێلکردنی یاساکانی ژینگەپارێزییە. هەر لە بەنداوە بەلێشاوە نازانستی و ناپێویستەکانەوە بگرە کە وشک بوونی تاڵاو و گۆلاو ڕووبارەکانی لێ کەوتووەتەوە تا تەخشان و پەخشانی سەرچاوە سرووشتییەکان بەو پیشەسازییەکان وێرانگەرانەی کە ژینگە پیس دەکەن و یان هەڵێنجانی تایبەت کە زۆرتر بۆ خزمەت بە بەرژەوەندییە ئابوورییە کورتماوەکان، سەربازی و یان ئیدئۆلۆژیکییەکانی خۆی بووە نەک پارێزگاری لە ژینگە و ئێکۆسیستمەکان. سەرکوت و داپڵۆسینی ژینگەپارێزان، زیندانی کردنی چالاکان و بێ بایەخی سیستماتیک بە هۆشدارییە زانستی و جەماوەرییەکان چەند نموونەیەکی باوی هەڵسووکەوتی ئەم ڕژیمە دژە ژینگەیە، ئاراستەیەک کە سەرچاوەکانی وڵات نەک وەک میراتی هاوبەش، بەڵکوو وەک کەرەستەی چەوسانەوە و کۆنترۆڵ دەبینێت.
کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتی ملهۆڕی بێ هەوسار کەوتووەتە کاولکردنی ژینگەی هەموو ئێران و لیستێکی باڵابەرز لەوبارەیەوە لە بەر دەست دان، بەڵام هەوڵێکی دڵخۆشکەر ئاوپرژێنی دڵی دڵسۆزانی ژینگەپارێزی کوردستانی کردووە.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بە هەوڵی ژینگەپارێزانی ناوچەکانی بۆکان و سەقز و بە تایبەتی “چێرگەوانان”، بە بڵاو کردنەوەی زانیاری و هەواڵی زۆر لە سەر مەترسی جیددی لەناوچوونی “چێرگ” ڕای گشتی خەڵکی ناوچەکەی بەرەو گرنگی پارێزگاریکردنی بەرەولای خۆی ڕاکێشاوە. بڕیار بوو کە پرۆسەی گەڕان و هەڵێنجانی کانەی سیلیس لە کێوی تۆڵەکەی ئاوایی بۆگەبەسی، لە وەرزی هێلانەکردن و جووجەهەڵێنانی ئەم باڵنە ناوازەیە بەڕێوە بچێت کە بە هەوڵی ژینگەپارێزانی ناوچەکە و بە تایبەتی چێرگەوانان و خەڵكی بەهەڵوێستی ئاوایی بۆگەبەسی، ئیدارەی ژینگەپارێزی سەقز ڕایگەیاندووە کە ئەو پرۆسەیە (دۆزینەوە و هەڵێنجانی کانەکە) ڕاگیراوە بۆ وەرزی پاش پەرەوازەبوونی بێچووە چێرگەکان. پرۆسەی هەڵێنجانی کانەی تۆڵەکە وێرانی کانیاوەکان و ئێکۆسیستمی ناوچەکەی لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە مەترسی لە سەر ئەم باڵندە دەگمەنە. ئاوایی بۆگەبەسی و بە تایبەی کێوی تۆڵەکە بە پانتایی ٥ هەزار هیکتار زەوی، دواژینگە و پەناگای چێرگی کوردستان و ئێرانە.
چێرگ، گەورەترین باڵندەی جیهانە کە بە هۆی وێران بوونی ژینگەکەی، گۆڕانکاری کەش و هەوا و ڕاوی نایاسایی لە لیستی ڕێكخراوی یەکێتی نێونەتەوەیی پارێزگاری لە ژینگە (International Union for Conservation of Nature_ IUCN) دایە کە مەترسی لەناوچوونی لە سەرە.
ئەم ڕووداوە ڕەنگە بە ڕواڵەت ڕێگری بێت لە سەر پرۆژەیەکی پیشەسازی، بەڵام لە ڕاستیدا سەرکەوتنێکی مەدەنییە. سەرکەوتنی وشیاری، هەڵوێستی بوێرانە، هاوپشتی و خۆشەویستییە بۆ خاک و ژینگە و نیشتمان لە بەرامبەر قازانجپەرەستی و سیاسەتی کاولکاری نابەرپرسانە.

لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئێران، بڕیار و پلانەکان دەربارەی سەرچاوە سرووشتییەکان بە بێ بەشداری و ئاگاداری خەڵکە خۆجێیەکان و تەنانەت زۆر جاریش دژی بەرژەوەندی و ژیانی ئەوان ئەنجام دەدرێت. کۆماری ئیسلامی تا ئێستا لەزۆربەی پرۆژە کاولکارییەکانی بە بێ گوێدانە ویست و ڕا و بەرژەوەندی خەڵک، بەردەوام بووە، بەڵام خۆشبەختانە لەم ساڵانەی دواییدا خەڵکی وشیار بە ڕێکخستنی کەمپین و ئامرازە مەدەنی و ئاشتیخوازانەکان هەستاون بە پارێزگاری کردن لە وڵات و خاک و نیشتمانی خۆیان. ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان، کۆکردنەوەی واژۆ و ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی زانیاری بە تایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نامە نووسین لە بەرپرسان و تەنانەت هۆنینەوەی زنجیرەی مرۆیی دژە بە پرۆژەی وێرانگەرەکانی ڕژیم وەستاونەتەوە و کوردستان و خەڵکی کوردستان لەم بوارەدا پێشەنگی هەموو خەڵکی ئێرانن. خەڵکی کوردستان بۆ هاتنەوەی لەق لەقەکان جەژن دەگرن و بەخێرهاتنەوەیان پێ دەڵێن. شەپۆلی مەدەنی نەمام چاندنەکان، هەڵمەتی پاککردنەوەی ژینگە لە زبڵەکان، بەخێوکردنی سەگ و پشیلەکان و ڕێکخستنی جەماوەری دژی ئاگرکەوتنەوەکان و… چەن دڵۆپێکی دەریای کولتووری بەرزی ژینگەپارێزی خەڵکی کوردستانە.
بەرپرسانی ورد و درشتی کۆماری ئیسلامی لە هەموو قوژبنێکی ئێران، یان نازانن یان بە ئەنقەست خۆیان لە نەزانی دەدەن کە پارێزگاری کردن لە ژینگە تەنیا پارێزگاری لە جۆرێک دار و درەخت و گژ و گیا نییە، ئەوانە بەشێكن لە شوناسی کولتووری و مێژووی هەر ناوچەیەک. مێرگ و کێو و دەشت و جەنگەڵ و دارستانەکان، باڵندە خۆجێیەکان نەک ئێکۆسیستم بەڵکوو لە مێژوو و زەینی هەر نەتەوەیەک چەسپاون. وێرانکردنییان تەنیا وێرانکردنی سرووشت نییە، بەڵکوو بڕینی پێوەندی سۆزە لە نیشتمان.
ئەم ئەزموونەی چێرگەوانان و ژینگەپارێزانی بۆکان و سەقز گەورەترە لە ڕووداوێکی ناوچەیی و دەریدەخات کە خەڵکی وشیار و بەکردار دەتوانن لەمپەری سەر ڕێی ئەو پرۆژە زیانبەخش و کاولگەرانە بن کە تەنیا بۆ بەرژەوەندی کورتماوەی ئابووری جێ بە جێ دەبن. ئەم جۆرە سەرکەوتنانە دەتوانێت ببێت بە ئیلهامبەخشی باقی ناوچەکانی دیکەی کوردستان و ئێران، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە مەترسی کانە بەردینەکان، بەنداو و ڕاگواستنی ئاو هەڕەشەن بۆ سەر سرووشت.
ژینگە، سامانێکە کە لە باب و باپیرانمانەوە بە میرات بۆمان نەماوەتەوە، بەڵکوو ئەمانەتێکە تا نەوەکانی داهاتوو. خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی چێرگەوانان و خەڵکی بەهەڵوێستی بۆگەبەسی لەو ڕاستییە تێگەیشتوون، چاوەڕوانی لە بەرپرسانی ڕژیم بۆ ژینگەپارێزی، بێ سەمەرە، بەڵام کۆمەڵگایەکی وریا و وشیار و بەکردار دەبێ پارێزگاری لە نیشتمان و وڵاتی خۆی دەکات.
دیدگاهتان را بنویسید